پێش‌گرتن له ماده سڕکه‌ره‌کان ده‌بێ له منداڵیه‌وه ده‌ست پێ‌بکرێ
پێش له هه‌موو شتێک ده‌بێ بزانین که پێوه‌ندی گەرم‌و گوڕ نێوان باوک‌و دایک‌و منداڵان له گه‌شه‌ی تایبه‌تمه‌ندیه پۆزێتیڤه‌کانی که‌سایه‌تی منداڵان روڵێکی گرینگی هه‌یه.
له سه‌ر خووگرتن به ماده سڕکه‌ره‌کان له جیهاندا‌و به تایبه‌ت له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست زۆر وتار‌و کتێب نووسراوه، به‌ڵام سوودی فراوانی ئابووری بازرگانی ماده‌سڕکه‌ره‌کان‌و کێشه‌و گرفته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، نه‌ناسین‌و نه‌زانین له سه‌ر ماده‌سڕکه‌ره‌کان‌و... هتد، وایان کردووه که رێژه‌ی بەکاربردنی ماده سڕکه‌ره‌کان‌و بازرگانی ئه‌م ماده‌گه‌له رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاد بکا.
به پێی هه‌ندێک سه‌رچاوه‌و لێکۆڵینه‌وه له‌م بواره‌دا چه‌ن تێوری له پێوه‌ندی له گه‌ڵ خووگرتن به ماده‌سڕکه‌ره‌کان هاتوونەتە ئاراوە.
تێوری بایۆلۆژی: که به‌پێی ئه‌م تێوریه، خووگرتن به ماده سڕکه‌ره‌کان زۆرتر کێشه‌یه‌کی ژێنێتیکی یان میراتییە‌و ده‌ڵێ که هه‌ر که‌س که ژێنی تایبه‌ت به ماده‌سڕکه‌ره‌کان به میرات ببا له قۆناغێکدا تووشی ماده‌سڕکه‌ره‌کان ده‌بێ. به پێی ئه‌م تێورییه تووش‌بوون به ماده‌سڕکه‌ره‌کان بۆ ئەو کەسانە دەرچوونی بۆ نییە‌و حه‌تمه‌ن تاکه‌که‌س تووشی ده‌بێ. هه‌روه‌ها ئه‌م تێورییه تووش‌بوون به ماده‌سڕکه‌ره‌کان وه‌ک نه‌خۆشین ناو ده‌با‌و پاساوی بۆ ئه‌م قسه ئه‌وه‌یه که ماده‌سڕكه‌ره‌کان ده‌بنه هۆی گۆڕین له پێکهاتە‌و کارکردی مێشک‌و سیستمی عەسەبی. به‌ڵام تێوریه‌کانی تری بواری سایکۆلۆژی ئه‌گه‌رچی تێوری میراتی بوون رەت ناکه‌نه‌وه به‌ڵام پێداگرییان له سه‌ر ئه‌وه‌یه که ده‌بێ کێشەی تووش بوون بە ماده سڕکه‌ره‌کان به وردبینێکی زیاترەوە سه‌یر بکرێ. وه‌ک نموونه تێوری دڵبەستەبوون له سایکۆلۆژی‌دا ده‌ڵێ که خووگرتن روڵی جێگوزینی هه‌یه. به واتایەکی تر که‌سێک که له پێوەندییە تاکه‌که‌سییەکانی خۆیدا سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه‌و نه‌یتوانیوه بە پێی پێویستییە دەروونییەکانی، پێوەندییەکی گەرم و گوڕ له نێوان خۆی و ده‌وروبه‌ریه‌کانی‌دا پێک بێنێ، رووده‌کاته ماده‌سڕکه‌ره‌کان و له‌و ماده‌گه‌له وه‌ک جێگوزینی که‌س یان که‌سانێکی تر که‌ڵک وه‌رده‌گرێ. مه‌کته‌بی ره‌فتارگەرایی ده‌ڵێ که خووگرتن به ماده‌سڕکه‌ره‌کان کاتێک روو دەدا که ره‌فتار و هه‌ڵسووکه‌وت و باوه‌ڕی که‌سه‌کانی دیکه لە سەر کەسەکە شوێندانەر دەبن. بۆ نموونه تاکه‌که‌س له ژێر کاریگه‌ری ره‌فتار و هه‌ڵسووکه‌وتی تووشبوان، دەکەوێتە نێو چاڵاوی نەخۆشی گیرۆدەبوون.
هه‌ر به‌م جۆره تێوری‌و مه‌کته‌به‌کانی تری بواری سایکۆلۆژی له‌م پێوه‌ندیه‌دا باسیان کردووه. ئه‌وه‌ی که لێره‌دا باس ده‌کرێ زیاتر هه‌وڵ‌دەدا ئاماژه بکاته سایکۆلۆژی ره‌فتار‌و ئه‌وه‌ی که جۆری هه‌ڵبژاردنی دۆستان و پێوه‌ندی له گه‌ڵ ئه‌وان‌و هەروەها کارتێکەری ئەم پێوەندییانە لە سەر هەڵسووکەوتی ئێمە گەلێک گرینگن؛ له لایه‌کی تریشه‌وه گرینگی پەروەردە و بارهێنانی منداڵان و وشیارکردنیان ده‌رده‌خا.
کێشه‌ی که‌ڵک‌ئاوژوو له ماده‌سڕکه‌ره‌کان بۆته هۆکارێک که لاوان و مێردمنداڵان که له قۆناغێکی حه‌ساس‌و قه‌یرانئاوی ته‌مه‌نیاندان له مه‌ترسی خووگرتن‌و ئێعتیاد به مادهسڕکهرهکاندا بن . جێگای ئاماژه‌یه که به پێ لێکۆڵینه‌وه‌کان، پێش‌گرتن له تووش‌بوون به ماده‌سڕکه‌ره‌کان زۆر ئاسانتر‌و که‌م خه‌رجتره له سڕینه‌وه‌ی تووش‌بووان له ماده‌سڕکه‌ره‌کان‌و ده‌رمان کردنیان؛ هه‌ر به‌م بۆنه‌وه پێویسته که گرینگی زۆرتر بەو کەسانە بدرێ که مه‌ترسی تووشبوونیان زیاتر له سه‌ره.
جێگای ئاماژه‌یه که کاری فێرکردن‌و راهێنانی خه‌ڵک بۆ پێش‌گرتن له تووش‌بوون بە ماده‌سڕکه‌ره‌کان کارێکی تیمیه که ده‌بێ به گرووپ بکرێ‌و نه ته‌نیا هه‌موو لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌کان (وه‌ک ناوه‌نده‌کانی ده‌رمانی‌و رێکخراوه حوکمی‌و ناحوکمیه‌کان) به‌ڵکوو ده‌بێ تاک به تاکی کۆمه‌ڵگا له‌م پرسه‌دا خۆی به به‌رپرسیار بزانێ‌و هه‌وڵ بدا بۆ چاره‌سه‌رکردنی. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته که فێرکاری له‌م پێوه‌ندییه‌دا له بنه‌ماڵه‌وه و به ده‌ستی باوک‌و دایک‌و ئەندامانی خێزان دەست پێبکرێ‌و دایکان‌و باوکان ده‌بێ خۆیان له سه‌ر ناساندنی ماده‌سڕکه‌ره‌کان‌و کێشه‌و گرفتاریه‌کانیان، به باشی بۆ منداڵان بدوێن.
ره‌نگه بۆ دایک‌و بابه‌کان ئه‌م پرسیاره بێته گۆڕێ که ئایا قسه کردن له سه‌ر ماده‌سڕکه‌ره‌کان نابێته هۆی هه‌ڵخڕانی منداڵان‌و وایان لێ بکا که وەدوای ئه‌م باسه بکه‌ون؟ به واتایەکی‌تر ئایا قسه کردن لەسەر ئەم بابەتە منداڵان بۆ لای بەکاربردنی ئەو مادەگەلە هان نادا؟
ده‌بێ له وه‌ڵامدا بڵێین که هه‌ر به‌و جۆره که ده‌رزی لێدان له کاتی منداڵی‌دا، منداڵان له تووش بوون به نه‌خۆشییه جۆراوجۆرەکان له چه‌شنی میکرووبی، خۆڕاگر‌و قایمیان ده‌کا، قسه‌کردن‌و روونکردنه‌وه‌ی منداڵان له‌م پێوه‌ندییه‌دا، منداڵان له مه‌ترسی تووش‌بوون ده‌پارێزێ.
باوک‌و دایکێک که هیچ کات له سه‌ر ماده‌سڕکه‌ره‌کان بۆ منداڵەکانیان قسه ناکه‌ن‌و هیچ زانیارییەکیان پێ ناده‌ن له داهاتوودا‌و له ته‌مه‌نه‌کانی مێرمنداڵی‌و لاویه‌تی‌دا ئه‌م زانیاریگه‌له له شوێن‌و کهسانێکڕا وەدەست دەخەن که ره‌نگه زۆر جێگای متمانه نه‌بن‌و ئەگەری ئەوەیکە بە ڵاڕێیاندا ببەن زۆرە. ئه‌م که‌سانه له یه‌که‌م جاری رووبەروو بوونەوەیان لەگەڵ ماده‌هۆشبەرەکان، سه‌دان پرسیاریان بۆ دێته پێشێ‌و ناتوانن به ئاسانی له گه‌ڵ باب‌و دایکیاندا له‌م باره‌وه قسه بکه‌ن چونکه له‌م چه‌شنه باسانه‌یان پێکه‌وه نه‌بووه.
هه‌ر بۆیه ئه‌م که‌سانه مه‌ترسی زیاتریان له سه‌ره که ره‌فتاری نابه‌جێ لە خۆیان دەربخەن‌و تووشی هه‌ڵه بن و له ماده‌سڕکه‌ره‌کان که‌ڵک وه‌رگرن.
ده‌ربڕینی هه‌ستی خۆشه‌ویستی‌و رێزلێنان‌و هەروەها پێوەندی گەرم‌و گوڕ لەگەڵ منداڵان‌و تێگەیاندنیان، ده‌ورێکی باڵای له‌سه‌ر هەڵسووکەوتی دروست‌و نادروستی ئەوان هه‌یه له چۆنیه‌تی پێوەندییە کۆمەڵاتییەکانیان لە قۆناغی مێرمنداڵی‌و لاوێتیدا.
له نێو بنه‌ماڵه‌دا ده‌بێ قسه‌کان به جۆرێک بێ که زیاتر له سه‌ر سڵامه‌تی‌و قایم بوون له به‌رانبه‌ر تووش‌بوون بەو ماده‌گه‌له‌دا کاریگەرییان هەبێ.
چ کاتێک ده‌بێ فێرکاری به‌رگرتن له ماده‌سڕکه‌ره‌کان بۆ منداڵان ده‌سپێبکه‌ین؟
بۆ ئاگادارکردنی منداڵان، باوکان‌و دایکان ده‌توانن له ته‌مه‌نی پێش چوون بۆ مه‌کته‌ب‌و ره‌وزه زانیاریان پێ بده‌ن. ده‌بێ باوکان‌و دایکان بزانن که قسه‌کردن له سه‌ر ماده‌سڕکه‌ره‌کان بۆ هه‌موو ته‌مه‌نه‌کان نابێ به یه‌ک شێوه بێ؛ له‌م به‌ینه‌دا ته‌مه‌نی منداڵان زۆر گرینگه ده‌بێ جۆرێک بێ که منداڵ به هه‌ڵه له باسه‌که تێنه‌گا‌و به لارێ‌دا نه‌ڕوا.
پێش حه‌وت ساڵی
قسه کردن له گه‌ڵ منداڵانی ته‌مه‌نی ژێر حه‌وت ساڵان وردبینی‌و کارامه‌یی زیاتری پێویسته به نیسبه‌ت ته‌مه‌نه‌کانیتر. ده‌بێ وشیار بین کاتێک که هه‌لی قسه‌کردن ره‌خسا به باشترین شێواز که‌ڵکی لێ وەربگرین. بۆ نموونه کاتێک که منداڵان له باری له‌شیه‌وه نه‌خۆشن‌و پێویسته که دواوده‌رمان بخۆن ئه‌وه باشترین کاته بۆ ئه‌وه‌ی پێیان بڵێین که هه‌ر ده‌وایه‌ک کاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌و بۆ مه‌به‌ستێکی تایبه‌ت درووست کراوە، به‌ڵام کاتێک له ده‌واکه به شێوازێکی نادروست که‌ڵک وه‌رگرین ده‌توانێ کاریگه‌ری خراپ له سه‌ر لهشو ده‌روون دانێ‌و بۆ تەندروستی مرۆڤ زه‌ره‌ری هەبێ.
منداڵان له‌و ته‌مه‌نه‌دا باشتر زانیاریه‌کان وه‌رده‌گرنو له مێشکیاندا هه‌ڵیده‌گرن. هه‌ر به‌م بۆنه‌وه ده‌توانین که قسه له سه‌ر ماده‌سڕکه‌ره‌کان ده‌سپێبکه‌ین. هه‌ندێ جار ده‌توانین به نموونه‌گرتن له فیلمی کارتونیو کاراکتێره‌کانی نێو ئه‌م فیلمانه که جگەرە ده‌کێشن قسه‌کانمان دهسپێبکهینو له پێوه‌ندی له گه‌ڵ زەرەرەکانی جگەرە و ماده‌سڕکه‌ره‌کان قسه بکه‌ین. ده‌بێ قسه‌کردنمان لەو باره‌وه له سه‌ره‌خۆ و به شێوه‌یه‌ک بێ که منداڵان لێمان تێبگه‌ن.
ده‌بێ کاریگەرییە نەرێنییەکانی ماده‌سڕکه‌ره‌کان هه‌میشه به شیوازی روون‌و ئاشکرا بۆ منداڵان شی بکرێته‌وه. بۆ نموونه ده‌توانین بڵێین که بەکاربردنی ماده هۆشبەرەکان ده‌توانێ ببێته هۆی خەمۆکی یان نه‌خۆشی لهشو به‌تایبه‌ت مێشک، هه‌روه‌ها ره‌فتاری مرۆڤ ده‌گۆڕێ‌و له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ریه‌کان‌و به تایبه‌ت بنه‌ماڵه تووشی هه‌ڵوه‌شاندن‌و تێکچوون ده‌بێ. هه‌روه‌ها کێشان‌و بەکاربردنی لە رادەبەدەری ماده‌سڕکه‌ره‌کان ده‌بێته هۆی مردنی که‌سەکە. که‌وابوو ده‌بێ هه‌رچی لەو پێوەندییەدا ده‌یزانین به زمانێکی ساده بۆ منداڵانی شی بکه‌ینه‌وه.
ته‌مه‌نی ٨ تا ١٢ ساڵان
له‌م ته‌مه‌نه‌دا ده‌بێ ده‌سپێکی قسه له زمانی منداڵانه‌وه بێ و به‌م پرسیاره که لێی ده‌پرسین له سه‌ر ماده‌سڕکه‌ره‌کان چی ده‌زانێ؟ کاتێ که وەڵامی دایه‌وه نابێ ده‌سبه‌جێ هه‌ڵوێست بگرین‌و له سه‌ر زانیاریه‌کانی قەزاوەت بکه‌ین چونکه ئه‌م کرده‌وه‌ی ئێمه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که له داهاتوودا هه‌ر پرسیارێک که لە منداڵان بپرسین وەڵامی سه‌ره‌کی خۆیان لێمان بشارنه‌وه‌و ته‌نیا ئه‌وشتانه ده‌ڵێن که ئێمه پێمان خۆشه گوێمان لێ بێ. له‌م ته‌مه‌نه‌دا منداڵان پێیان خۆشه کێشه‌و گرفته‌کانیان بۆ باوک‌و دایکیان باس بکه‌ن‌و هه‌روه‌ها باوکان و دایکان ده‌بێ وه‌ها به‌ڕه‌ورووی ئه‌م باسه ببنه‌وه که له داهاتووشدا هه‌ر کێشه‌و گرفتێکیان هەبێ بۆیان باس بکه‌ن‌و به واتایەکی‌تر دایکان‌و باوکان ده‌بی هه‌میشه بیسه‌رێکی باش بن بۆ منداڵانیان تا له داهاتووشدا له سه‌ر ماده‌سڕکه‌ره‌کان بتوانن به باشی له گه‌ڵ منداڵه‌کانیان قسه بکه‌ن. له پێشدا ره‌نگه منداڵان زۆر پێیان خۆش نه‌بێ له سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بدوێن به‌ڵام هه‌ر له مێشکیاندا ده‌مینێته‌وه و له داهاتوودا خۆیان له‌م باره‌وه باس ده‌که‌ن. له‌م ته‌مه‌نه‌دا ده‌توانین له سه‌ر سترؤئیده‌کان قسه بکه‌ین که که‌سانی وه‌رزشوان ده‌یخۆن کە ده‌توانێ بابه‌تێکی باش بێ بۆ ئه‌م ته‌مه‌نه.
ته‌مه‌نی ١٣ تا ١٧
به گشتی مێرمنداڵان له‌م ته‌مه‌نه‌دا حه‌ز ده‌که‌ن بزانن که کام له دۆستان یان هاوڕێیانیان جگه‌ره ده‌کێشن یان له ماده‌سڕکه‌ره‌کان بەکار دەبەن.
له‌م ته‌مه‌نه‌دا منداڵان پێیان خۆشه حه‌ز و خولیاکانیان له لای باوک‌و دایکیان بدرکێنن بۆیه ده‌بێ باب و دایکان بیسه‌رێکی باش بن. مادام که ئێمه وه‌ک باوک‌و دایکانێک که کێشه‌مان نییه بۆ قسه کردن له گه‌ڵ منداڵەکانمان له‌م بواره‌وه ده‌توانین به راشکاوی له‌گه‌ڵیان بدوێین. لە هەمان کاتدا دایک‌و باوک دەبێ وەک چاودێرێکی باش‌و بەرپرس ئاگاداری هەڵسووکەوت‌و پێوەندییەکانی منداڵەکەیان بن. یەکێک لەو بەستێنانەی کە لەو تەمەنەدا رەنگە مێرمنداڵ بۆ لای مادەسرکەرەکان راکێشێ ئەو میوانی‌و کۆبونەوانەن کە منداڵەکەمان دەچێ. کاتێک کە مێرمنداڵی خوارەوەی هەژدە ساڵان دەچێتە میوانی‌و گردبوونەوەی دۆست‌و هەواڵانی خۆی، دایک‌و باوکی وەک ئەرکێک لە سەر شانیانە کە خۆیان بچنە شوێنیان و نەهێڵن کەسانی دیکە بییانبەنەوە بۆماڵ یان شەو لەوێ بمێننەوە. هەرچەند ئەو کارە لە کردەوەدا کارێکی بەراستی زەحمەت‌و دژوارە بەڵام دەبێ ئەویش لە‌بەر چاو بگرین کە ئاکامی باش لە کارەکاندا بە بێ سەختی بە دەست نایا. ئێمە بۆ ئەوەیکە بتوانین، منداڵەکانمان بە باشی پەروەردە بکەین‌و تەحویڵی کۆمەڵگایان بدەین، بە بی تێکۆشان و هەڵگردنی باری کێشە‌و سەختییەکان نابێت. دەبێ ئەمەش بزانن کە ئەو کەسانەی کە هاواڵی جگەرەکێش یان مۆعتادیان هەیە، زۆرتر لەمەترسی گیرۆدەبووندا ژیان بە سەر دەبەن، بۆیە زۆر پێویستە کە دایک‌و باوکەکان منداڵەکانی خۆیان‌و هەروەها دۆست‌و برادەری منداڵەکانیان بە باشی بناسن، تەنانەت زانیاری لەسەر خزم و بنەمالەشیان بەدەست بێنن تا بتوانن مندالەکانیان لە مەترسی گیرودەبوون بەجوانی بپارێزن ومەترسی تووش بوون بەم نەخۆشییە بگاتە لانی کەمی مومکین.
یەکێک لەو کارامەییانەی(مەهارەت) کە پێویستە فێری منداڵەکان بکرێ چارەسەر کردنی کێشە‌و مەترسییەکانە. دەبێ بە منداڵەکان دەرفەتی بڕیاردان بدەن.دەبێ ئەو باوڕە لەخۆیانا ببینن توانایی ئەوەیان هەیە کە لەسەر ژیانی خۆیان بریاردەربن وهەروەهائێوەیش لەدرووست کردنی ئەم باوڕە،کەیەکێک لەسەرەکی ترین مەهارەتەکانی ژیانی مرۆڤەیارمەتی دەریان بن. منداڵیکە هێزی هەڵبژاردنی رێگا جۆراوجۆرەکانی هەیە،باوڕ بە خوی دەکاو فێر دەبێ کە لەداهاتوودا بەچاو بەستراوی لاسایی خەڵک نەکاتەوە و توانایی و هێزی "نە وتن"لەبەرامبەر ئەو پێشنیارە نالۆژیکانە لە خۆیدا درووست بکا. بەهێز کردنی هستی باوڕ بە خۆ بوون لەمنداڵاندا هاندەرێکە کە دەتوانێ ئەوان لە باشتر ئەنجام دانی کارەکانیان یارمەتی بدا.
بەهێزکردنی باوەڕبەخۆبوون و هەستی پۆزێتیڤی منداڵان سەبارەت بە خۆیان زۆر پێویستە و دەبێ بەدەربڕینی هەستی سۆز‌و خۆشەویستی لەکاتی گونجاو‌دا بەستێنی گوێبیسی لەمنداڵەکانداپێک بهێنرێ.
https://www.blogger.com/blogger.g?blogID=2490320117574189847#editor/target=post;postID=4050652270612603700
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر
توجه:فقط اعضای این وبلاگ می‌توانند نظر خود را ارسال کنند.