-"کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی"و "هەژاری ومێژووگەرایی" دوو بەرهەمی گرینگی "کارل پۆپێر"ن کە لەژێر کاریگەری دەرهاویشتەی لێکۆڵینەوە لەسەر حکوومەتگەلی توتالیتێریسمی لە ئەورووپا نووسراون، لە راستیدا ئەو دوو بەرهەمە بنەمای تیئۆرییەکانی فەلسەفی پۆپێڕ لە بواری سیاسیو ئابووری پێک دێنن.
لەم دوو بەرهەمەدا بە ئاشکراو بە روونی تێکۆشانی بەردەوامی پۆپێڕ لە بەرەنگار بوونەوەی شەڕو پەراوێز خستنی تییۆرییو ئەندێشەگەلی سیاسی دەسەڵاتخوازانەو هەروەها بەرگری لە ئازادی دەبینین.
پێغەمبەرانی درۆیی ووشەیەک بوو کە یەکەم جار لەلایەن پۆپێڕەوە لە ئینسکلۆپێدیای فەلسەفە دانرا.
پۆپێر ئەو بیرمەندانەی کە بە ئەندێشەکانیان لە خزمەت سەرەڕۆکانو تئۆریسییەنەکانی حکوومەتگەلی زاڵمو دەسەڵاتخوازدا بوون، بە پێغەمبەرانی درۆیی نێو دەباتو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە مرۆڤی ئەم سەردەمە، دەبێ سەبارەت بە رخنە گرتن لە میراتی کولتووری خۆی بە روونی قسە بکاتو خۆی لە خوو و خدەی بەرگری لە گەورە پیاوان بپارێزێت.
زۆرێک لەو پێغەمبەرە درۆییانە بە رخنەگرتنی هەڵە لە ئازادیو عەقڵ، تووشی هەڵەگەلێک بوون کە قەرەبوو نابنەوەو زاڵ بوونی تیئۆرییەکانو ئەندێشەکانی ئەوان بۆتە سەرچاوەی سەرلێشواویو بەهەڵەداچوونی مرۆڤەکان. بۆیە پێغەمبەرانی درۆیی لە بەرهەمەکانی پۆپێردا بە سەرنجو وردی شوێنیان دەگیرێتو لە ئاکامیشدا لە بەرامبەری مەحکەمەی عەقڵدا دادەنرێن.
لە روانگەی پۆپێردا ئەفلاتوونو هێگل لەو بیرمەندانەن کە بە تێئۆرییە دوگمەکانیان هەرچی لەتوانایاندایە بە هزرو ئەندێشە، لە خزمەتی دوژمنی کردن لەگەڵ ئازادیو هەڵکشانو بەهێزکردنی حکوومەتگەلی توتالیتێر بەکاری دەهێنن. تۆمەتبارێکیتر کە لەبەردەم مەحکەمەی عەقڵی پۆپێرادا دەبێ ئامادە بێ مارکسو مارکسیزمە. پۆپێر مەکتەبی مارکسیزم یەکێک لە هەڵە هەرەگەورەگانی ئەندێشەی مرۆڤی دەزانێت، لەبەر ئەوەیکە حەوڵدان بۆ بەدیهێنانی جیهانێکی باشتر بەبێ ئاکامو بێبەرهەم دەزانی. ئەو لە لێکدانەوەی بۆچوونەکانی مارکسدا ئەوە دەردەخات کە مارکس لە بۆچوونەکانیدا سەبارەت بە داهاتوو بەهەڵەدا چووە، چونکە ئەو تییورییە کە بە پەرەپێدانی سەرمایەداری، کرێکارانو چینی هەژاری کۆمەڵگا، تووشی بەدبەختی دەبنو لە بواری ئابووریەوە چینی مام ناوەندی کۆمەڵگاش بە دوای خۆیان دا دادەبەزێنن، بە ئەنجام نەگەیشت. بەو تێڕوانینە پۆپێر دەڵێت مارکس تووشی ناکۆکی دەروونی بووە، هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەیکە، ناکرێت بەردەوام بەرهەمهێنانی شتو مەک زۆر بکرێتو لە لایەکی دیکەشەوە ئیدعا بکرێ کە رۆژ لە دوای رۆژ بە هەژماری هەژاری زیاد دەبێت، چونکە ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە دەی باشە "بەکار هێنەر کێیە؟" کێ کەڵک لەو شتو مەکانە وەر دەگرێ؟
پۆپێر وڵامی ئەو چەشنە پرسیارگەلە لە بەرگری کردن لە دەرهاویشتەی دیمۆکراسیدا دەداتەوەو ئەو سیستەمەی بە هەموو کەمایەسییەکانیەوە پێ گۆنجاوترین و عادڵانەترین سیستمە کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هاتۆتە ئاراوە. لە روانگەی پۆپێرەوە هەمووی ئەو سیستمانەی کە بەڵێنی بە دیهێنانی بەهەشتی سەر زەوینیان داوە، لە دەرئەنجامدا جگە لە جەحەنەم چیتریان بەرهەم نەهێناوە. بەڵام لەم نێوانەدا دیمۆکراسی تەنیا سیستێمێکە کە بە تێکۆشان و ئیرادە و ورەی خەڵک و تەنیا و تەنیا خەڵک دەتوانێت لە سەر پێ بمێنێتەوە.
لە روانگەی پۆپێرەوە ئازادی دەتوانێ تەنیا هۆو دەلیلی پێکهاتنی دیمۆکراسی ئابووری یان هەمان یەکسانی کۆمەڵایەتی بێت. لە راستیدا لە پاڵ ئازادیدا ئەو چەشنە ئازادییە وەکوو زەمانەتی بەرێوەچوونی یەکسانی ئابووریو کۆمەڵایەتی دەزانێت. بە روانینێکی رووت لە تیۆرییەکانی مارکس، پۆپێر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە مارکس، دەوڵەت وەکوو ئامرازێک بۆ لەناو بردنی چینی پڕۆلێتار دەناسێنێت، هەرچەند کە بەڵێنی کۆمەڵگای بێ چینایەتی دەدات.
بەو چەشنە روانینە، پۆپێر تێدەکۆشێ ئەو بابەتە روون بکاتەوە کە مارکس قەت وڵامێکی بۆ پرسیار لەسەر ئازادی نەدۆزیوەتەوەو نازانێ کە دەوڵەت بۆ دابین کردنی ئازادی مرۆڤ چ خزمەتگۆزاریگەلێک دەتوانێتو یان دەبێ پێشکەش بکات. روانینی رخنەگرانەی پۆپێر لەسەر مارکس، بەم شێوە درێژەی پێ دەدرێ کە بە سەقامگیری ئازادییە کە دەتوانین دەسەڵات لە مستی خوماندا رابگرین یان بە واتاێیکی دیکە هەوساری بکەین.
لە دواییشدا دەتوانین بە دروست کردنی دامودەزگاگەلێک لە ناو سیستمی دمۆکراتیکدا، بەر بەسەرەڕۆیی دەسەڵاتی ئابووریش بگرینو بەو شێوە بەربەست لە بەردەم کوێلەتی مرۆڤەکان دابنرێ، بەڵام بە تێکچوونو نەمانی ئازادی تەنانەت یەکسانیو بەرابەری لە نێوان هەژارەکانیشدا مانایەکی نابێت.
هەروەک پێشتریش ئاماژەی پێدرا ئەفلاتوونیش لە روانگەی پۆپێڕەوە لە ریزی پێغەمبەرانی درۆیی جێ دەگرێو لە باسەکانی لە سەر عەداڵەتو یەکسانی لە کتێبی کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی لە بەشێک بەناوی ئەفسوونی ئەفلاتوون دەپڕژێتە سەر روانگەی عەداڵەتی گشتگیر(تامگرا) لە فەلسەفەی کلاسیکی یۆنانی کۆنو بە تایبەتی ئەفلاتوون. پۆپێڕ بە توندی ئەفلاتوون وەبەر رەخنەی خۆی دەگرێ. لە روانگەی پۆپێڕەوە ئەو شتەی کە بە ناوی چەمکی عەداڵەت لە فەلسەفەی ئەفلاتوون هاتۆتە بەر باس تایبەتمەندێتی چینایەتییە. ئەوە لە کاتێک دایە کە چەمکی عەداڵەت لە فەلسەفەی پۆپێڕ بریتییە لە دابەشکردنی یەکسان لە بەرامبەر بەرپرسیارەتییەکانی شارۆمەندی. بە واتایەکی تر دابەش کردنی وەک یەکی مەرجەکانی ئازادیو یەکسانییە کە لە ئاکامدا بێلایەن بوونی یاساو سیستەمی دادوەریی لێدەکەوێتەوە.
پۆپێر دەڵێت بۆ گەیشتن بە یەکسانیو بەرابەری، دەبێ بە سڕینەوەی تایبەتمەندێتی سروشتی بەرابەری وەدی بهێنرێو لەگەڵیشی تاکایەتی بپارێزرێتو پارێزگاری کردن لە ئازادیەکانی شارومەندان ببێتە ئەرکی دەوڵەت. لە راستیدا پۆپێر ئەوەمان بۆ روون دەکاتەوە کە هەر کام لە داخوازییەکانی ئەفلاتوون چ سیاسی چ ئابووری لە بواری یەکسانیدا لە سەر بنەمای بنچینەی سەرتری سروشتی، بنچینەیەکی گشتگیر کە سرنج دان بە وی دەبێتە هۆی بەهێز کردنی دەوڵەت لەلایەن تاکەوە وەک ئامانجی سەرەکی. پۆپێر هەوەها لە رەخنە لە ئەفلاتوون لە سەر پێکهاتەی سیستەمی عادڵانەی( یەکسانی یانە) سیاسیو ئابووری هەوڵ دەدات بە هێنانە بەر پرسیاری سیستەمگەلی زاڵ بە سەر ئەو پێکهاتانە بە وڵامێکی لۆژیک بگات.
پۆپێر بە رخنە گرتن لەو رستەیەی ئەفلاتوون کە دەڵی "چ کەسانێک دەبێ دەسەڵات بە دەستەوە بگرن"، لەسەرئەو باوەڕەیە کە وڵامێکی کلاسیکی داوەتەوەو بە پێی روانگەیەکی رادیکاڵو دەسەڵاتخوازانە بۆی چووە، بۆ وێنە: بلیمەتەکان، یان لە حاڵەتێکی دیکەدا زۆرینە. پۆپێر ئەوە دووبارە دەکاتەوە کە ولامەکان نە تەنیا ناکۆکییو دژێتییان تێدایە بەڵکوو سەر لە جێگرەوەگەلێکیتر وەکوو حکوومەتی کرێکاران یا سەرمایەداران یا... دەردەهێنێ. پۆپێر لە بواری حکوومەتدا پرسیاری "چ کەسێک"؟ زۆر بە گرینگ نازانێت، بەڵکوو کاریگەرترین بنەما لەو پرسیارەدا، "چۆنیەتی" دەزانێت.
بە واتایکی دیکە بە باوڕی پۆپێر ئەوە گرینگە کەبتوانین نەهادگەلی سیاسی خومان بە شێوەیەک دابمەزرێنین کە خەسارگەیاندن لە لایەن دەسەڵاتدارانی نالایەق کە هەژماریشیان زۆرە بگەیەنینە نزمترین ئاستی خۆی.
پۆپێر لە سەر ئەو باوەڕەیە تەنیا بە ئاوەها گوڕانێکە کە دەتوانین دەوڵەتو نەهادگەلێک دابمەزرێنین کە هاوتا لەگەڵ سیستەمێکی یەکسان و عادڵانە لە هەموو بوارەکاندا بێت. لێرەدا دەتوانین ئەو پرسیارە بکەین کە: کام سیستمی حکوومەتی ئەهێڵێت کە حکوومەتی ملهۆڕو چەوسێنەر لەسەر کار لابەرین. پۆپێر نێوی نیزامێکی ئەوتۆ دەنێتە کۆمەڵگای کراوەو "کێ بەرکێی ئازاد" لەسەر تیۆرییە زانستییە جیاوازەکان وەکوو تایبەتمەندی سەرەکی ئەو حکوومەتە دەزانێت.
ئەو کۆمەڵگایانە رێک لە بەرامبەری کۆمەڵگا تۆتالیتێرەکان دان. چونکە لە "کۆمەڵگای کراوە"دا شێوەی توندوتیژ بۆ لەناو بردنی بیرو را جیاوازەکان رێگەپێنەدراون. لە راستیدا رەخنەکان دوورن لە توندوتیژی کە ئەوە رێگە بۆ وەدەرخستنی عەقڵو بیر خۆش دەکات. پۆپێر نموونەی ئاوەها سیستەمێک(کۆمەڵگای کراوە)، دێمۆکراسی جێگرتوو لە وڵاتانی رۆژئاوا دەزانێت، بەڵام لەسەر ئەو باوڕەیە کە ناودێرکردنی ئەو چەشنە حکوومەتە بە حکوومەتی خەڵکی لەراستیدا چەواشەکارانەو هەڵخڵەتێنەرە، چونکە لە هیچ وڵاتێکدا خەڵک حکوومەت ناکەنو نابێ حکوومەتیش بکەن، چونکە حکوومەت بە شێوەی "زۆرینە" بە ئاسانی دەتوانێت خراپترین شێوەی دیکتاتۆری لێبکەوێتەوە.
پۆپێر دەڵێت دیمۆکراسی تەنانەت بەو نێوە هەڵخڵەتێنەرەو بەو کێشانەی کە هەیەتی تەنیا شکڵی حکوومەتێیکە کە توانیویەتی بە دانانی یاساگەلی مەرجدار، ئایدیاکانی یەکسانیو مرۆڤایەتیو ئازادی لە چوارچێوەی یاسادا تا ئەو جێگایەی دەکرێ بە ئەنجام بگەیێنێت. بە واتایکی دیکە لە روانینی پۆپێرەوە دیمۆکراسی حکوومەتی خەڵکی نییە، بەڵکوو دروستکردنو پۆشتەکردنی نەهادێکە بۆ رووبەروو بوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتخوازییو تۆتالیتێریزم.
هەرچەند ئەم تێکۆشینانە هەردەم سەرکەوتوو نەبوون. بەڵام بەرای پۆپێر دیمۆکراسی چوارچێوەیەکی گۆنجاو نییە تەنیا بۆ پێوەندییەکانی ئەندامانی یەک کۆمەڵگاو دەڵێت بۆمان نییە دیمۆکراسیو ئازادی هاوتەریبی خوەشگوزەرانیو موعجیزەی ئابووری بزانین. لە روانگای پۆپێرەوە هەڵەی گەورە کاتێک روو دەدات کە دەرەنجامی پڕۆسەی دیمۆکراسی لەوەدا ببینین کە لەوێ ئازادی لە واتای دیمۆکراسیدا، ئازادیو بەرزبوونەوەی ئابووری بۆ هەمووان وەدی دەهێنێت، چۆنکە بەرای ئەو ئازادی قەت بە واتای رفاهو بەختەوەری مرۆڤەکان نییە. هەر بۆیە دەبێ بە شێوەیەکی واقعبینانە سنوورەکانی "دەوڵەتی رفاه" لە بەر چاو بگرین، بە باوەڕی پۆپێر ئەوەیکە دەتوانین لە بارەی چەمک و پێوەندییەکانی نێوان دیمۆکراسیو ئازادییەوە بڵێین ئەوەیە کە لێهاتووییەکانی تاکەکان کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ژیان و خۆشگوزەرانی ئەوان دەبێت.
پۆپێڕ لە بواری یەکسانی کۆمەڵایەتیشدا ئەوە دێنێتە بەر باس کە ئەمڕۆکە تەکنۆلۆژیاو هەڵدانو گەشەی ئابووری، نەمانو سڕینەوەی برسییەتیو هەژاری بۆ مرۆڤ مومکین کردووە. بەڵام کێشەگەلی دیکە لەسەر ئەم رێگایە هەن. یەکێک لەو کێشانە کە پۆپێڕ وەبەر رەخنەی توندی خۆی دەدا هەمان حکوومەتگەلی سیاسی گەندەڵو مڵهۆڕ لە وڵاتانی دواکەوتوویەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە خەڵکی ئەو وڵاتانە خاوەنی پێگەیشتوویی مەعنەوی نین تا وەکوو بتوانن لە سەر چارەنووسی خۆیان کاریگەرییان هەبێ.
سەرچاوەکان:
- مێژووی فەلسەفەی رۆژئاوا(بەرهەمی بێرتراندراسل)
- مێژووی فەلسەفەی رۆژئاوا(بەرهەمی کاپلێستۆن)
- کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر
توجه:فقط اعضای این وبلاگ میتوانند نظر خود را ارسال کنند.